هه‌رچه‌نده فیکرم کرد تا ئه‌و جۆکه‌ی دۆنه‌که له ژێر ئاوپاشی حه‌مام دروستم کرد بێته‌وه بیرم هیچم بۆ ساخ نه‌بۆوه. ته‌نیا ده‌مزانی پێوه‌ندیه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌کی خراپ هه‌بوو و هیچی تر. سه‌ره‌تان؟ ئایدز؟ تۆمۆوری مه‌غزی؟ نایه‌ته بیرم. شتێک وه‌ک، کابرایه‌ک سه‌ره‌تانی هه‌یه، دوایی ... دوایی چی؟ ... ده‌ی دوایی ده‌مرێ ئیدی. نا، نا. ئاوا نه‌بوو. ده‌چێ بۆ لای دوکته‌ر، نا...
له سه‌ر پشتم راکشابووم و له‌و فیکرانه‌دا بووم که خه‌و بردمی. نازانم چی به سه‌ر جۆکه‌که هات به‌ڵام ده‌زانم خه‌ونێکی ئاڵۆزم دی. له خه‌ونم دا له یاریگایه‌کی گه‌وره‌ی فوتباڵ دا بووم و ئه‌ملا و ئه‌ولا بۆ سه‌نده‌ڵیه‌کی خاڵی ده‌گه‌ڕام. ئاخری له سووچێک جێیه‌کی خاڵیم دیته‌وه به‌ڵام هاتم دانیشم کابرای ته‌نیشیتم ده‌ستی له سه‌ر سه‌نده‌ڵیه‌که دانا و به‌ری گرتم. که ورد بوومه‌وه لێی دیتم کابرا رواڵه‌تی گاندی (پێشه‌وای هێندی) هه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت له خه‌ونم دا نه‌مده‌زانی ئه‌و کابرایه به‌ناوبانگه. یا ره‌نگه گاندی له خه‌ونم دا ئێستا به‌ناوبانگ نه‌ببو. له ژێر زمانم چه‌ند جێنوم پێدوا و هه‌ڵگه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵێ. له ئاشپه‌زخانه دایکم چێشتی ساز ده‌کرد و من به خۆشحاڵی چووم بۆ لای. له بیرمه ده‌مگوت: دایه! دایه! فه‌له‌ستین ئازاد بوه! و دایکیشم هیچ نه‌یده‌دواندم، وه‌ک ئه‌وه‌ی من ئه‌سڵه‌ن نه‌بینێ. دوایی چاک له بیرم نیه، له‌گه‌ڵ براکه‌م قسه‌م ده‌کرد یا که‌سێکی دیکه بوو و ئاخری به ده‌نگی موبایله‌که‌م خه‌به‌رم بۆوه.
- ئه‌لۆ؟
- ها؟
- سه‌لام، من برادلیم. گوێ بگره، من ناتوانم بێم.
- چی؟
- له ئیزگه‌ی قه‌تارم. وادیاره موشکلێک پێش هاتوه. ده‌ڵێن نیو ساعه‌ت ته‌ئخیری ده‌بێ. من ده‌گه‌ڕێمه‌وه. دوایی ده‌تبینم.
- ئه‌لۆ؟
تماشای کاتژمێرم کرد. له هه‌شتی لا دا بوو. تازه هاته بیرم بڕیار وابوو ساعه‌ت حه‌وت له شوێنێک کۆ ببینه‌وه و به بۆنه‌ی ته‌واو بوونی ده‌رسی یه‌کێک له دۆستان جێژن بگرین. فیکری ئه‌وه‌یکه خۆم کۆکه‌مه‌وه و وه‌ده‌رکه‌وم هاته خه‌یاڵم به‌ڵام گۆم نه‌دایه. هه‌ر وا درێژ ببوم و تماشای بنمیچم ده‌کرد. باشه بۆچی فه‌له‌ستین؟ گاندی له‌وێ چی ده‌کرد؟ جێگای بۆ کێ راگرتبو؟ خودا ئه‌وانه چیه؟ ...
دوباره خه‌و بردمی.

