تبليغاتX
! - حیزب له وڵاتی ئێمه‏دا !!

"چۆن حیزبێک دامه زرێنین؟"

وڵاتی ئێمه وڵاتێکی فره‏حیزبیه ، به شێوه‏یه‏ک چه‏ندین حیزبی جۆراوجۆر _ که له ژماردن نایه‏ن _ به به‏رنامه و پلانی جیاواز خه‏ریکی کار و تێکۆشانن .
حیزب له وڵاتی ئێمه‏دا رۆڵێکی سه‏ره‏کی ئه‏گێرێ له خافڵاندن و حاواندنه‏وه‏ و جار وباره‏ش ئاژاوه‏نانه‏وه‏ له نێو کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک‏دا به شێوه‏یه‏ک لایه‏نگری حیزبه جۆراوجۆره‏کان له سه‏ر حیزبه‏که‏یان لێیان ده‏بێته  شه‏ر و ده‏مه‏قاڵه و ته‏نانه‏ت جاری واش هه‏یه هه‏ر کام یه‏کتر تاوانبار ئه‏که‏ن به جاش و خوێری و ... که پیاو باسی نه‏کا باشتره.
دیاره هه‏ر کام له‏و حیزبانه به پێی وته‏ی خۆیان  99 له سه‏تی کۆمه‏لانی خه‏لکیان له گه‏ڵه و ئه‏و 1 له سه‏ده‏ی تریش که چاو له pmc ئه‏که‏ن، پاش رزگار بوونی وڵاته‏که‏مان دێنه‏وه سه‏رخۆ  و ئه‏بنه لایه‏نگری حیزبه‏که‏یان.

ئێستا با بزانین چۆن حیزبێک دروست که‏ین؟

که‏ره‏سه‏ی پێویست:
1. هه‏بوونی لانیکه‏م 5 که‏س بۆ دامه‏زراندنی کومیته‏ی ناوه‏ندی
2. ئایدۆلۆژی
3. که‏ناڵێکی راگه‏یاندن

جا هه‏ر کام له‏م شتانه به وردی له سه‏ریان ئه‏دوێین:

- لانیکه‏م 5 که‏س بۆ  دامه‏زراندنی کومیته‏ی ناوه‏ندی
هه‏ر حیزبێک پێویستی به ده‏سته‏یه‏کی به‏رێوبه‏ری هه‏یه که له سه‏ر کار و باری حیزبه‏که دانوستان بکه‏ن و له سه‏ر ئه‏و شتانه‏ی به سه‏ڵاحی حیزبه‏که‏یه و له به‏رژه‏وه‏ندی حیزبه‏که ‏دایه دانیشتنیان بێت.سه‏ره‏تا ئه‏بێ که‏سانێک وه‏کوو ده سته‏ی به‏رێوبه‏رایه‏تی هه‏بن بۆ دامه‏زرانی حیزبه‏که.
هه‏وڵ بده‏ن ئه و که‏سانه له نێو خزم  و برا و ئامۆزا و خاڵۆزا و که‏س و کاری خۆتان هه‏ڵبژێرین ، ئه‏گه‏ریش نه‏بوو له نیو ئاشنا و دۆست و ره‏فیق و ده‏ر و جیران بێ باشتره ، چون دنیاکه‏ی وا‏ی لێ‏هاتووه هه‏موو که‏س جێی متمانه نیه !!
بۆ وێنه کاتێک ده‏تانهه‏وێ دووکانێکی گه‏وره‏ بکه‏نه‏‏وه و پێویستیتان به شه‏ریکه وا باشتره شه‏ریکه‏که‏تان له خزمی خۆتان بێ . کاروباری حیزب و رێکخراوی سیاسیش به‏م جۆره‏یه .

- ئایدۆلۆژی
ئایدۆلۆژی ئه‏و بیر و باوه‏رانه ئه‏گرێته‏وه که حیزب باوه‏ڕی پێی هه‏یه و ئه‏یکاته ئامانجی سه‏ره‏کی خۆی و له ئه‏نجامدا به پێی ئه‏وان به‏رنامه‏کانی دائه‏رێژێ.
زۆر گرینگه ئایدۆژیای حیزبه‏که‏تان چی بێ به‏ڵا‏م زۆر گرینگ نیه خۆتان چه‏نده باوه‏رتان پێی هه‏یه و چه‏نده په‏یره‏وی ئه‏که‏ن. بۆ وێنه ئێوه‏ش وه‏ک هه‏موو پارت و رێکخراوه سیاسییه‏کان ئه‏توانن بلێن ئێمه خوازیاری دیمۆکراسی و ئازادین بێ ئه‏‏وه‏ی باوه‏ری توورێکتان پێی بێ. یا خۆ ئه‏توانن شت گه‏لی سه‏یر و سه‏مه‏‏ره‏تر به کار بێنن رایبگه‏یێنن خه‏ڵک له ده‏ست دام و ده‏زگاکانی سه‏رمایه‏داری و بورژوازی سه‏گباب‏خێو رزگار ئه‏که‏ن و به‏ڵێنی ژیانێکی پڕ له شادی و ئاشتی و له‏م قسانه‏یان پێ‏بده‏ن ، خه‏ڵکیش له حاڵێکا تاقه یه‏ک وشه‏ش له قسه‏کانتان تێنه‏گه‏ییشتوون ، سه‏رتان بۆ راوه‏شێنن و بڵێن : به‏ڵێ فه‏رمایشته !!

- که‏ناڵی ئاسمانی
حیزب له وڵاتی ئێمه ئه‏گه‏ر که‏ناڵی ئاسمانی نه‏بێ هه‏ر به حیزبیشی دانانێن. جا بۆیه  که‏ناڵێکی ئاسمانی زۆر گرینگه له پروپاگه‏نده بۆ حیبزبه‏که‏تان تا له‏م رێگه‏وه سه‏رنجی کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک راکێشێ. جا بۆ ئه‏م کاره‏ش ئه‏توانن به پێی ئیشتیا و چێژی بینه‏ره‏کانتان به‏رنامه‏ی که‏ناڵه‏که‏تان دارێژن. بۆ وێنه ئه‏توانن بۆ به‏شی فارسییه‏که‏ی براده‏رێکی فارس‏زمان بێنن. ئه‏مه‏ش 2هۆکاری هه‏یه :
1 - تا سه‏رنجی براده‏ره فارسه‏کانمان بۆ لای خۆی راکێشێ و به هه‏ر جۆرێک بێ حاڵیان بکا وه‏ڵلا و بیللا ئێمه‏ش مرۆڤین و مافمان هه‏یه.
2  - له کورده‏واری‏دا بڕوا ناکه‏م که‏سێک هه‏بێ بتوانێ فارسی به باشی قسه بکا و به قه‏ولی خۆمان بێ‏له‏هجه بێ. جا بۆ ئه‏وه‏ی به‏شی فارسییه‏که‏تان نه‏بێته به‏رنامه‏یه‏ک بۆ پێکه‏نین و قه‏شمه‏جاڕی تورک و فارس ، ئه‏وا باشتره براده‏رێکی فارس بێنین تا که متر پێی‏پێبکه‏نن!!

به هه‏ر جۆرێک بێ هه‏وڵ بده‏ن دڵی ئه‏و براده‏ره فارسه راگرن و ته‏نانه‏ت ئه‏گه‏ر قسه‏یه‏کیشی کوت که به دڵی خه‏ڵک نه‏بوو ئێوه به دڵێ مه‏گرن ، نه‏کا بڕوا و که‏سی‏دیکه‏تان گیر نه‏که‏وێ بۆ به‏شی فارسی.
هه‏ر وه‏ها به‏رنامه‏یه‏کی تر که ئه‏توانن له که‏ناڵه‏کانتان به نمایشی ده‏ربێنن ، نیشان دانی گۆرانیه . چون کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک زۆر حه‏زیان له گۆرانیه ، بۆ ئه‏وه‏ش ئه‏توانن له‏و کاتانه‏ی که‏ناڵه‏که‏تان ده‏ست پێ‏ده‏کا گۆرانی وه‏سه‏ر خه‏ن هه‏تا ئه‏و کاته‏ی ته‏واو ده‏بێ ، جاروباره‏ش له میانه‏ی گۆرانییه‏کاندا بۆ ئه‏وه‏ی بینه‏رانتان زۆر عاجز نه‏بن چه‏ند کورته هه‏واڵێک بڵاو که‏نه‏وه. ئه‏وه‏ی جێی دڵخۆشییه ئه‏و که‏ناڵه ئه‏توانێ جێی pmc بگرێته‏وه.
ئه‏گه‏ریش پووڵتان نه‏بوو ئه‏وا ئه‏توانن له نیو سه‏عاته‏وه هه‏تا هه‏رچه‏ندێک پێتان خۆش بێ له هه‏ندێ له که‏ناڵه‏کان کاتێکی دیاریکراو به کرێ بگرن و له‏و دا به‏رنامه‏کانتان بڵاو که‏نه‏‏وه ، گرینگ نیه ئه‏و که‏ناڵه‏ی به‏شێكی لێ به کرێ ئه‏گرن سه‏ر به کوێیه و هی کێیه و چ کاره‏یه !! گرینگ خۆتانن خۆتان ! خۆتان خۆش بن !! هه‏ر کات پووڵ و پاره هه‏بوو ئه‏وا که‏ناڵێکی تایبه‏ت بکه‏نه‏وه و له به‏ره‏وه ئێوه‏ش به کرێی ده‏ن!!

ئه‏م شتانه‏ی باسمان لێ‏کردن بۆ دروست کردنی هه‏موو حیزبێك پێویستن، به تایبه‏تی ئه‏گه‏ر له وڵاتی خۆمان بێ. پێویسته ئه‏و خاڵانه‏ی باسی لێ‏کرا به وردی له به‏ر چاو بگیرێ تا هه‏ر چی زیاتر کۆمه‏ڵانی خه‏ڵکی به پشته‏وه بێ!! ئه‏مه‏ش کارێکی نیه ، ئێوه‏ش لا ماوه‏یه‏کی زۆر کورت دا ئه‏توانن 99 له سه‏تی کۆمه‏ڵانی خه‏ڵکتان له گه‏ڵ بێ به‏و مه‏رجه‏ی له باره‏که‏ی بزانن !!

تێبینی : ئه‏گه‏ر گه‏ره‏کتانه له‏م حیزبه تازه‏یه‏دا ببنه ئه‏ندام ، دۆستایه‏تییه‏کی گه‏رم و گوڕ و قورس و  قایم له گه‏ڵ که‏س ساز مه‏که‏ن ! بۆ‏چی؟؟ له به‏ر ئه‏وه‏ی ده‏قه به ده‏قه ئه‏گه‏ری ئینشیعاب و له‏تبوون و شه‏ره‏چه‏قۆ و شه‏ره‏جنێو و فیشه‏ک و فیشه‏ک‏بازی له حیزبه‏که‏تانا هه‏یه و ئه‏گه‏ر رفێقه‏که‏تان له گه‏ڵ ئه‏و لایه‏نه‏ی تر بوو ، ئه‏وا با له رووتان بێ چاو له چاوی که‏ن !!

ته‏واو...

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در هشتم اردیبهشت 1388 و کاتژمێر 14:50 |