تبليغاتX
!

"قالۆنچه‌ی ناو مسته‌راحه‌که‌ !"

 تا پێش ئه‌م رووداوه‌ هه‌موو شتێ به باشی ئه‌چووه به‌ره‌وه ! هه‌ڵبه‌ت ئێستاش زۆر خراپ نیه به‌ڵام ئه‌و‌ کاتیش ناخۆش نه‌بوو !!

ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌بوو له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م هاتبووینه‌ نێو ئه‌م ماڵه‌وه و ژیانمان زۆر به‌ خۆشی رائه‌بوارد، هه‌ر خۆم و خۆی بووین !! ئه‌خر زۆر له‌مێژ نه‌بوو ژیانی هاوبه‌شیمان پێک هێنا بوو !!

ماڵێکی بچکۆلانه‌ی 45میتری له‌ نهۆمی سێهه‌می ئاپارتمانێک له‌ به‌هاران _ گه‌ره‌کێکی سنه‌یه‌ _.

ژیانمان زۆر به‌ خۆشی له‌م ماڵه‌ بچکۆلانه‌یه‌دا رائه‌بوارد ، تا ئه‌وه‌ی شه‌وێک که‌ بۆ ده‌س به‌ ئاو چوومه‌ مسته‌راح ، چاوم پێی که‌وت ! قالۆنچه‌یه‌کی ره‌شی ناشیرین له‌ سووچێکی مسته‌راحه‌که‌ له‌ ناو کو‌نێکدا خۆی حه‌شار دا بوو و سه‌یری ئه‌کردم ! 

ده‌تکو‌ت گورگێکی برسیه‌ و سه‌یری دوگی مه‌ر ده‌کا ! *

له‌و ساته‌وه‌ هه‌ر کاتێ  ئه‌چووم چاوم پێی ئه‌که‌وت!

 سه‌ره‌تا هه‌بوونی قالۆنچه‌یه‌کی ره‌شی ناشیرین له‌ سووچێکی مسته‌راحه‌که‌دا بۆم شتێکی زۆر ئاسایی هاته‌ به‌ر چاو و گوێی خۆم لێ خه‌واند !

 به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ ورت ورتم لێ په‌یدا بوو : ئه‌گه‌ر ئه‌و قالۆنچه‌یه‌ نێر بێ چی ؟! خۆ ناکرێ ! هه‌‌موو جارێ  که‌ هاوسه‌ره‌که‌م ئه‌چێته‌ مسته‌راح و شه‌رواڵه‌که‌ی ئه‌کێشێته‌ خوار ،ئه‌و ره‌شی ناشیرینه‌ چاوی به‌ سمتی خڕ و خۆڵ و سپی و ناسکی هاوسه‌ره‌که‌م که‌وێ !! پاشان خۆ من هه‌میشه‌ی خوا له‌ ماڵ نیم !! ئه‌و کاتانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌م ، بیری ئه‌وه‌ی قالۆنچه‌یه‌کی نێری ره‌شی ناشیرین به‌ ته‌نیا له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م له‌ ماڵدا بێت ، شێتم ئه‌کا !!

 بۆیه‌ هه‌وڵم دا رێگه‌ چاره‌یه‌کی بۆ بدۆزمه‌وه و له‌و نه‌هامه‌تییه‌ بێمه‌ ده‌ر ! سه‌ره‌تا وتم ئه‌یکوژم !! جا هه‌ر چۆنێک بێ !! به‌ڵام دواتر که‌ بیرم لێکرده‌وه‌، ستاندنی مافی ژیان له‌ بوونه‌وه‌رێکی تر ته‌نیا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ببوه‌ قوربانی جێگۆرکێیه‌کی ژێنێتیکی ، کارێکی زۆر دژه‌ ئه‌خلاقی بوو !! له‌ راستیدا ئه‌و شته‌ی منی ئازار ئه‌دا بوونی قالۆنچه‌یه‌کی نێری ره‌شی ناشیرین بوو له‌ ماڵماندا ، ئه‌گینا قالۆنچه‌یه‌کی مێو گرفتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو و پیاو ئه‌یتوانی له‌گه‌ڵی هه‌ڵکا ! به‌ڵام کێشه‌که‌ لێره‌دا بو من نه‌مئه‌زانی ئه‌م قالۆنچه‌یه‌ نێره‌ یا مێو !!

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ لێکۆڵینه‌وه‌‌یه‌کی به‌ربڵاوم له‌ سه‌ر ناسینی قالۆنچه‌ی نێر ئه‌نجام دا.

کتێب و رۆژنامه‌ و گشت سایته‌ ئینتێرنێتییه‌کان گه‌ڕام که‌چی له‌ ئاکامدا هه‌ڕه‌م له‌ بڕه‌ی نه‌کرد و ئاخری لێم حاڵی نه‌بوو جیاوزی نێوان  ئه‌م دووانه‌ چیه‌!، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ لامه‌وه‌ زۆر سه‌رنج راکێش بوو گۆڕانێکی به‌رچاو له‌ ره‌فتاری هاوسه‌ره‌که‌م دا بوو ، به‌ واتایه‌ک ئه‌توانم بڵێم هه‌ستم ئه‌کرد متمانه‌ی پێم نه‌ماوه‌ و لێم دڕدۆنگه‌ !! ته‌نانه‌ت به‌ چاوی خۆم بینیم له‌ ناو گووگڵ دا به‌ شوێن "قالۆنچه‌ی مێو" گه‌ڕابوو !! پاشان زۆرجاران له‌ پشت ده‌رگای مسته‌راحه‌که‌وه‌ رائه‌وه‌ستا و گوێی هه‌ڵده‌خست !! هه‌رچه‌نده‌ منیش ئه‌و کاره‌م ئه‌کرد به‌ڵام ئه‌وه‌ی من زیاتر بۆ پاراستنی ئه‌و بوو !!

 ئه‌م شته‌ گه‌ییشته‌ ئاستێک که‌ ئیتر بۆم ته‌حه‌ممول نه‌ئه‌کرا و هه‌‌موو رۆژێ شه‌رێک له‌ نێوان من و هاوسه‌ره‌که‌م ساز ده‌بوو، له‌ راستیدا ژیان له‌گه‌ڵ که‌سێک که‌ متمانه‌ی پێت نیه‌ به‌ لامه‌وه‌ شتێکی قۆڕ و گه‌وجانه‌ بوو ، بۆیه‌ گه‌ییشتم به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌ یه‌ک جیا بینه‌وه‌ باشتره‌!! هاوسه‌ره‌که‌شم هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و باوڕه بوو !

زۆر گرینگ نه‌بوو ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پاش ماوه‌یه‌ک دوای رۆییشتنی هاوسه‌ره‌کم، یان به‌ واتایه‌ک هاوسه‌ری یه‌که‌مم ، به‌ دیتنی بێچووی قالۆنچه‌که‌ بۆم ده‌رکه‌وت‌ که‌ ئه‌م قالۆنچه‌یه‌ قالۆنچه‌یه‌کی مێوه و جێی هیچ مه‌ترسییه‌ک نیه‌ !!

 ئێستاش خۆمان و چه‌ند بێچووله‌ی ساوا له‌ ناو ئه‌م مسته‌راحه‌ بچکۆلانه‌یه‌دا ژیانێکی زۆر خۆش ئه‌به‌ینه‌ سه‌ر !! هێنده‌ خۆش که‌ به‌ هه‌موو دنیای نآ‌گۆڕمه‌وه‌ !!

 ...

 __________________

* هی شێخ ره‌زایه‌ : هه‌ر وه‌کوو گورگێکی برسی سه‌یری دووگی مه‌ڕ بکا ...

 

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در بیست و ششم تیر 1388 و کاتژمێر 19:5 |

چیرۆکێک بۆ

" ئه‌وانه‌ی وا ئه‌زانن دنیا فشه نیه !! "

تێبینی : نووسراوه‌ی خواره‌وه به‌شێکه له ده‌سنووسه‌کانی ره‌حیمی سه‌دیقی . ناوبراو خوێندکاری کۆمه‌ڵناسی بوو له تاران ، له گه‌ڕه‌کی ده‌روازه‌ده‌وڵه‌ت وه‌تاغێکی بچکۆلانه‌ی به کرێ گرتبوو . ئێستا له تیمارستانی ورمێ به‌سته‌رییه !!

سێ ساڵیش ده‌بێ ژه‌مێک به ته‌واوی تێرم نه‌خواردووه ، هه‌میشه‌ی خوا برسیمه ! شه‌و و رۆژ قۆڕه‌ی زگم دێ !! سه‌ره‌تا زۆر خه‌جاله‌تیم ئه‌کێشا به‌ڵام ئێستا بۆم شتێکی ئاساییه ، ته‌نانه‌ت هاوکه‌لسییه‌کانیشم ئێستا پێکه‌نینیان پێی نایه !!

*

عیشای خوا شک نابه‌م ! حه‌فته‌ی پێشوو له تاکسیدا کیفه‌که‌م لێ به‌جێ ما . سجیل و کارتی خوێندکاری و عابێر بانک و موبایل و ئه‌وه‌ی هه‌مبوو و نه‌مبوو له‌وێ دابوو !!

دوو سێ جار زه‌نگم لێ‌دا بۆ شوماره‌که‌ی خۆم به‌ڵام کابرا هه‌ڵینه‌‌گرت ، جاری ئاخریش که زه‌نگم لێ‌دا کووژاندییه‌وه و ئێستا و ئێشتاش هه‌ڵی نه‌کرده‌وه !!

*

ته‌نیایی ، بێ پووڵی ، غوربه‌ت ، برسییه‌تی ده‌وریان داوم ! پیسم لێ قه‌وماوه ! یه‌ک فلس شک نابه‌م !! تاق و لۆق له‌م و له‌و جگه‌ره وه‌رده‌گرم ! ده‌ڵێم ده‌مهه‌وێ ته‌رکی که‌م ! ئه‌وانیش ده‌زانن به راستم نیه !

نازانم ئاخرین جار که‌ی چوومه حه‌مام ! سابوونم نیه و ئه‌وه‌م کردۆته به‌هانه ! پێموا بۆنم کردووه ، له سه‌ر که‌لاس هاوکه‌لاسییه‌کانم لێم دوور ده‌که‌ونه‌وه !! ئه‌و رۆژه‌ش له تاکسیدا ئه‌وه‌ی له پاڵمه‌وه دانیشتبوو ، ده‌ستی گرتبوو به لووتییه‌وه !!

خۆم زۆر هه‌ستی پێناکه‌م !

*

جاران به تاکسی هات و چۆم ئه‌کرد !ئێستا ته‌نانه‌ت پووڵی تاکسیشم نیه ! 100 تمه‌ن و 50 تمه‌ن له ره‌فیقه‌کانم وه‌رده‌گرم به ئوتووبووس دێم و ده‌ڕۆم !

به ناشکوری نه‌بێ نێو ئوتوبووسیش قه‌ت جێ نیه بۆ دانیشتن !!‌ به پێوه‌ش راده‌وه‌ستی له پاش و له پێش خۆت پێوه‌ ده‌نێن !!‌ ئه‌خرنازانم له سه‌ر شه‌رواڵه‌وه چ تامێکی هه‌یه ئه‌و خه‌ڵکه وا ئه‌که‌ن !! ئه‌مڕۆ ده‌ستم به مێڵه‌که‌وه گرتبوو و که‌وتبوومه فکره‌وه، پیاوێک وا لێی جووت کردبووم ته‌واو هه‌ستم به هینه‌که‌ی ئه‌کرد !! 

پێم عه‌یب نه‌بوایه هۆڕ هۆڕ ده‌گریام !!‌

*

ماوه‌یه‌که له به‌ر ده‌رکه‌ی زانکۆش گیرم پێ‌ئه‌ده‌ن !! بۆ چوونه ژووره‌وه داوای کارتی خوێندکاریم لێ‌ئه‌که‌ن !! هه‌ر چی ئه‌ڵێم ونم کردووه ئه‌ڵێن ئه‌مانه به گوێمان دا ناچێ بڕۆ یه‌کی دیکه وه‌رگره ! وه‌رگرتنی کارتێکی نوێش لانیکه‌م 20 هه‌زارتمه‌نی ده‌وێ !! زۆر جاران به دزییه‌وه ده‌چمه ژوورێ !!

کوره وه‌ڵلا حه‌وسه‌له‌ی زانکۆشم نه‌ماوه !! ئه‌چیه سه‌ر که‌لاس مامۆستا ده‌ست پێ‌ئه‌کا : تێئۆری مارکس ئه‌وه‌یه و وێبێر ئه‌وه ده‌ڵێ و پارسۆنز ئه‌وه ناڵێ و ... هه‌یهوووووو ! هه‌ر که‌س له‌ولاوه هاتووه قسه‌یه‌کی کووتووه !!‌باپیرم ده‌یکوت زۆر کوتن قورعان خۆشه !!

له زانکۆش ئه‌وه‌ی باسی لێناکرێ ده‌رسه !! یا باسی گان و گۆڵه یا باسی سیاسه‌ت !! بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری و دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و ... ! عوسمان چه‌په ، ره‌حمان راسته و سوعدا فێمینیسته و  غه‌فوور ناسیۆنالیسته و ئه‌نوه‌ر پان ئێرانیسته  و خدر پان ته‌ره‌ماشیسته و هه‌ی هه‌ی !! ئه‌و به‌زمه کوا بۆ من ده‌بێ ؟!

*

به‌ینێکه سه‌رم دێشێ !!به خۆم ئه‌ڵێم خۆم بکووژم و نه‌جاتم بێ !! به‌ڵام زات ناکه‌م !!

هاتوومه‌ته‌وه ژووره‌که‌ی خۆم و ده‌رگام له خۆم داخستووه !! په‌نجێره‌که‌شم به په‌تووو داپۆشیوه !!‌ ئه‌مهه‌وێ له‌مه‌و به دوا له‌م ژووره‌دا بمێنمه‌وه !! ئاوا باشتره ! چا نیه که‌س خۆت پێوه نانێ ! یان که‌س به قوره‌ی زگت پێناکه‌نێ !!‌یان که‌س له به‌ر بۆگه‌نی له‌شت ده‌ست به لووتیه‌وه ناگرێ !! پاشانیش له قسه‌ی زل و دروشمی قۆڕ و سیاسه‌ت و ته‌ڕه‌ماشیش خه‌به‌رێک نیه !!

له‌م ژووره دا هه‌ر خۆمم !!

*

برسییه‌ت مته‌قی لێ بڕیوم ، ده‌ستم کردووه به خواردنی شت و مه‌کی وه‌تاغ ، سه‌ره‌تا له کتێبه‌کانمه‌وه ده‌ستم پێ‌کرد ، رۆژێ 100 ، 150 لاپه‌ڕه‌م ده‌خوارد ، ئه‌ووه‌ڵێ مێعده‌م هه‌ڵینه‌ده‌گرت ، پێی قه‌بز ده‌بووم ، به‌ڵام ئێستا به که‌وچک و ده‌ورییه‌کانیش قه‌بز نابم ، هه‌مو جله‌کانمم یه‌ک له دوای یه‌ک خواردووه ، شۆرت و گۆره‌وی و شه‌لوار و کاپشێن  و ئه‌وه‌ی هه‌مه و نیمه!!

سووچێکی وه‌تاغم داناوه بۆ گوو کردن ، رۆژ به رۆژ وه‌کوو وه‌کوو ته‌پۆڵکه‌یه‌ک که خۆڵی وه‌سه‌ر که‌ن باڵا ئه‌کا !!

*

ئه‌مڕو ئاخرین له‌تی فه‌رشه‌که‌شمم خوارد !!‌هیچی ترم نه‌ماوه !! رووت و قووت که‌وتووم و برسییه‌تی مته‌قی لێ بڕیوم !!

*

دوو سێ رۆژه هیچم نه‌ماوه و ده‌ستم کردووه به گوو خواردن !! سه‌ره‌تا بێزم هه‌ڵده‌ستا ، ته‌نانه‌ت یه‌ک دوو جاریش رشامه‌وه ، به‌ڵام ئێستا زۆر فه‌رقی پێناکه‌م !!

ده‌مهه‌وێ زیندوو بمێنمه‌وه !!

 

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در سوم خرداد 1388 و کاتژمێر 21:17 |

"چۆن حیزبێک دامه زرێنین؟"

وڵاتی ئێمه وڵاتێکی فره‏حیزبیه ، به شێوه‏یه‏ک چه‏ندین حیزبی جۆراوجۆر _ که له ژماردن نایه‏ن _ به به‏رنامه و پلانی جیاواز خه‏ریکی کار و تێکۆشانن .
حیزب له وڵاتی ئێمه‏دا رۆڵێکی سه‏ره‏کی ئه‏گێرێ له خافڵاندن و حاواندنه‏وه‏ و جار وباره‏ش ئاژاوه‏نانه‏وه‏ له نێو کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک‏دا به شێوه‏یه‏ک لایه‏نگری حیزبه جۆراوجۆره‏کان له سه‏ر حیزبه‏که‏یان لێیان ده‏بێته  شه‏ر و ده‏مه‏قاڵه و ته‏نانه‏ت جاری واش هه‏یه هه‏ر کام یه‏کتر تاوانبار ئه‏که‏ن به جاش و خوێری و ... که پیاو باسی نه‏کا باشتره.
دیاره هه‏ر کام له‏و حیزبانه به پێی وته‏ی خۆیان  99 له سه‏تی کۆمه‏لانی خه‏لکیان له گه‏ڵه و ئه‏و 1 له سه‏ده‏ی تریش که چاو له pmc ئه‏که‏ن، پاش رزگار بوونی وڵاته‏که‏مان دێنه‏وه سه‏رخۆ  و ئه‏بنه لایه‏نگری حیزبه‏که‏یان.

ئێستا با بزانین چۆن حیزبێک دروست که‏ین؟

که‏ره‏سه‏ی پێویست:
1. هه‏بوونی لانیکه‏م 5 که‏س بۆ دامه‏زراندنی کومیته‏ی ناوه‏ندی
2. ئایدۆلۆژی
3. که‏ناڵێکی راگه‏یاندن

جا هه‏ر کام له‏م شتانه به وردی له سه‏ریان ئه‏دوێین:

- لانیکه‏م 5 که‏س بۆ  دامه‏زراندنی کومیته‏ی ناوه‏ندی
هه‏ر حیزبێک پێویستی به ده‏سته‏یه‏کی به‏رێوبه‏ری هه‏یه که له سه‏ر کار و باری حیزبه‏که دانوستان بکه‏ن و له سه‏ر ئه‏و شتانه‏ی به سه‏ڵاحی حیزبه‏که‏یه و له به‏رژه‏وه‏ندی حیزبه‏که ‏دایه دانیشتنیان بێت.سه‏ره‏تا ئه‏بێ که‏سانێک وه‏کوو ده سته‏ی به‏رێوبه‏رایه‏تی هه‏بن بۆ دامه‏زرانی حیزبه‏که.
هه‏وڵ بده‏ن ئه و که‏سانه له نێو خزم  و برا و ئامۆزا و خاڵۆزا و که‏س و کاری خۆتان هه‏ڵبژێرین ، ئه‏گه‏ریش نه‏بوو له نیو ئاشنا و دۆست و ره‏فیق و ده‏ر و جیران بێ باشتره ، چون دنیاکه‏ی وا‏ی لێ‏هاتووه هه‏موو که‏س جێی متمانه نیه !!
بۆ وێنه کاتێک ده‏تانهه‏وێ دووکانێکی گه‏وره‏ بکه‏نه‏‏وه و پێویستیتان به شه‏ریکه وا باشتره شه‏ریکه‏که‏تان له خزمی خۆتان بێ . کاروباری حیزب و رێکخراوی سیاسیش به‏م جۆره‏یه .

- ئایدۆلۆژی
ئایدۆلۆژی ئه‏و بیر و باوه‏رانه ئه‏گرێته‏وه که حیزب باوه‏ڕی پێی هه‏یه و ئه‏یکاته ئامانجی سه‏ره‏کی خۆی و له ئه‏نجامدا به پێی ئه‏وان به‏رنامه‏کانی دائه‏رێژێ.
زۆر گرینگه ئایدۆژیای حیزبه‏که‏تان چی بێ به‏ڵا‏م زۆر گرینگ نیه خۆتان چه‏نده باوه‏رتان پێی هه‏یه و چه‏نده په‏یره‏وی ئه‏که‏ن. بۆ وێنه ئێوه‏ش وه‏ک هه‏موو پارت و رێکخراوه سیاسییه‏کان ئه‏توانن بلێن ئێمه خوازیاری دیمۆکراسی و ئازادین بێ ئه‏‏وه‏ی باوه‏ری توورێکتان پێی بێ. یا خۆ ئه‏توانن شت گه‏لی سه‏یر و سه‏مه‏‏ره‏تر به کار بێنن رایبگه‏یێنن خه‏ڵک له ده‏ست دام و ده‏زگاکانی سه‏رمایه‏داری و بورژوازی سه‏گباب‏خێو رزگار ئه‏که‏ن و به‏ڵێنی ژیانێکی پڕ له شادی و ئاشتی و له‏م قسانه‏یان پێ‏بده‏ن ، خه‏ڵکیش له حاڵێکا تاقه یه‏ک وشه‏ش له قسه‏کانتان تێنه‏گه‏ییشتوون ، سه‏رتان بۆ راوه‏شێنن و بڵێن : به‏ڵێ فه‏رمایشته !!

- که‏ناڵی ئاسمانی
حیزب له وڵاتی ئێمه ئه‏گه‏ر که‏ناڵی ئاسمانی نه‏بێ هه‏ر به حیزبیشی دانانێن. جا بۆیه  که‏ناڵێکی ئاسمانی زۆر گرینگه له پروپاگه‏نده بۆ حیبزبه‏که‏تان تا له‏م رێگه‏وه سه‏رنجی کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک راکێشێ. جا بۆ ئه‏م کاره‏ش ئه‏توانن به پێی ئیشتیا و چێژی بینه‏ره‏کانتان به‏رنامه‏ی که‏ناڵه‏که‏تان دارێژن. بۆ وێنه ئه‏توانن بۆ به‏شی فارسییه‏که‏ی براده‏رێکی فارس‏زمان بێنن. ئه‏مه‏ش 2هۆکاری هه‏یه :
1 - تا سه‏رنجی براده‏ره فارسه‏کانمان بۆ لای خۆی راکێشێ و به هه‏ر جۆرێک بێ حاڵیان بکا وه‏ڵلا و بیللا ئێمه‏ش مرۆڤین و مافمان هه‏یه.
2  - له کورده‏واری‏دا بڕوا ناکه‏م که‏سێک هه‏بێ بتوانێ فارسی به باشی قسه بکا و به قه‏ولی خۆمان بێ‏له‏هجه بێ. جا بۆ ئه‏وه‏ی به‏شی فارسییه‏که‏تان نه‏بێته به‏رنامه‏یه‏ک بۆ پێکه‏نین و قه‏شمه‏جاڕی تورک و فارس ، ئه‏وا باشتره براده‏رێکی فارس بێنین تا که متر پێی‏پێبکه‏نن!!

به هه‏ر جۆرێک بێ هه‏وڵ بده‏ن دڵی ئه‏و براده‏ره فارسه راگرن و ته‏نانه‏ت ئه‏گه‏ر قسه‏یه‏کیشی کوت که به دڵی خه‏ڵک نه‏بوو ئێوه به دڵێ مه‏گرن ، نه‏کا بڕوا و که‏سی‏دیکه‏تان گیر نه‏که‏وێ بۆ به‏شی فارسی.
هه‏ر وه‏ها به‏رنامه‏یه‏کی تر که ئه‏توانن له که‏ناڵه‏کانتان به نمایشی ده‏ربێنن ، نیشان دانی گۆرانیه . چون کۆمه‏ڵانی خه‏ڵک زۆر حه‏زیان له گۆرانیه ، بۆ ئه‏وه‏ش ئه‏توانن له‏و کاتانه‏ی که‏ناڵه‏که‏تان ده‏ست پێ‏ده‏کا گۆرانی وه‏سه‏ر خه‏ن هه‏تا ئه‏و کاته‏ی ته‏واو ده‏بێ ، جاروباره‏ش له میانه‏ی گۆرانییه‏کاندا بۆ ئه‏وه‏ی بینه‏رانتان زۆر عاجز نه‏بن چه‏ند کورته هه‏واڵێک بڵاو که‏نه‏وه. ئه‏وه‏ی جێی دڵخۆشییه ئه‏و که‏ناڵه ئه‏توانێ جێی pmc بگرێته‏وه.
ئه‏گه‏ریش پووڵتان نه‏بوو ئه‏وا ئه‏توانن له نیو سه‏عاته‏وه هه‏تا هه‏رچه‏ندێک پێتان خۆش بێ له هه‏ندێ له که‏ناڵه‏کان کاتێکی دیاریکراو به کرێ بگرن و له‏و دا به‏رنامه‏کانتان بڵاو که‏نه‏‏وه ، گرینگ نیه ئه‏و که‏ناڵه‏ی به‏شێكی لێ به کرێ ئه‏گرن سه‏ر به کوێیه و هی کێیه و چ کاره‏یه !! گرینگ خۆتانن خۆتان ! خۆتان خۆش بن !! هه‏ر کات پووڵ و پاره هه‏بوو ئه‏وا که‏ناڵێکی تایبه‏ت بکه‏نه‏وه و له به‏ره‏وه ئێوه‏ش به کرێی ده‏ن!!

ئه‏م شتانه‏ی باسمان لێ‏کردن بۆ دروست کردنی هه‏موو حیزبێك پێویستن، به تایبه‏تی ئه‏گه‏ر له وڵاتی خۆمان بێ. پێویسته ئه‏و خاڵانه‏ی باسی لێ‏کرا به وردی له به‏ر چاو بگیرێ تا هه‏ر چی زیاتر کۆمه‏ڵانی خه‏ڵکی به پشته‏وه بێ!! ئه‏مه‏ش کارێکی نیه ، ئێوه‏ش لا ماوه‏یه‏کی زۆر کورت دا ئه‏توانن 99 له سه‏تی کۆمه‏ڵانی خه‏ڵکتان له گه‏ڵ بێ به‏و مه‏رجه‏ی له باره‏که‏ی بزانن !!

تێبینی : ئه‏گه‏ر گه‏ره‏کتانه له‏م حیزبه تازه‏یه‏دا ببنه ئه‏ندام ، دۆستایه‏تییه‏کی گه‏رم و گوڕ و قورس و  قایم له گه‏ڵ که‏س ساز مه‏که‏ن ! بۆ‏چی؟؟ له به‏ر ئه‏وه‏ی ده‏قه به ده‏قه ئه‏گه‏ری ئینشیعاب و له‏تبوون و شه‏ره‏چه‏قۆ و شه‏ره‏جنێو و فیشه‏ک و فیشه‏ک‏بازی له حیزبه‏که‏تانا هه‏یه و ئه‏گه‏ر رفێقه‏که‏تان له گه‏ڵ ئه‏و لایه‏نه‏ی تر بوو ، ئه‏وا با له رووتان بێ چاو له چاوی که‏ن !!

ته‏واو...

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در هشتم اردیبهشت 1388 و کاتژمێر 14:50 |
"قسه‏یه‏کی جیددی بۆ هه‏موان !!"

هاورێیانی قه‏شمه‏ر
سڵاو
ماوه‏یه‏که وێبلاگی قه‏شمه‏رئاوای نوێ که‏وتۆته به‏ر فیلتێری دڕندانه‏ی نه‏یارانمانه‏وه و به‏‏م کاره‏ گوشارێکی گه‏وره‏یان خستۆته سه‏ر شۆڕشی رزگرایخوازی قه‏شمه‏رانی جیهان به گشتی و قه‏شمه‏رانی قه‏شمه‏رئاوا به تایبه‏تی !!
کاکه با بێین رێگه چاره‏یه‏ک بۆ ئه‏م کێشه‏یه بدۆزینه‏وه!
ئه‏م فیلتێر کردنه دوا به دوای بابه‏ته‏که‏ی کاروان رووی دا ، ئه‏و چه‏ند رۆژه رێژه‏ی هات و چۆ له قه‏شمه‏رئاوا چوبووه سه‏ره‏وه !! له به‏ر ئه‏وه‏ی له‏و بابه‏ته و له بابه‏ته‏کانی پێشوو دا ، بۆ وێنه بابه‏ته‏که‏ی ناسر ، وشه‏ی ...یر و ...وز به کار هاتبوو و ئه‏م شێوه نووسینه‏ش له به‏ر ئه‏وه‏ی وه‏ک شێوه نووسینی فارسییه‏که‏یه‏تی (به تایبه‏تی بۆ سیره‏تی پیاو) و له لایه‏کی تره‏وه به پێی سه‏رچاوه‏یه‏کی باوه‏ڕ پێکراو گوایه رێژه‏ی گه‏ڕان به دوای ئه‏و دوو وشه‏یه له گووگڵ دا زۆر زۆر زۆره و ئه‏مه کارێکی کرد دوای به دوای بابه‏ته‏که‏ی ناسر و کاروان رێژه‏ی دیتنی وێبلاگی قه‏شمه‏ر‏ئاوا له به‏ر ئه‏و وشانه بڕواته سه‏رێ و وێبلاگی قه‏شمه‏رئاوا فیلتێر کرێ !!
هه‏ڵبه‏ت لێره‏دا مه‏به‏ستم چه‏واشه‏کاری یا خود "قوربانی کردنی قوربانی" نیه !! یانی گه‏ره‏کم نیه بڵێم ئه‏وه خه‏تای کاروان و ناسر بوو که ئه‏م وێبلاگه فیلتێر کرا ، به‏ڵکوو ئه‏مه کێشه‏یه‏کی ئاساییه و له جیات ئه‏وه‏ی که‏سێک تاوانبار بکه‏ین وا باشتره رێگه‏ چاره‏یه‏کی بۆ بدۆزینه‏وه !!

من چه‏ندین پێشنیارم هه‏یه :
1 - کاتێ  له ناو خاکی ئێرانه‏وه سه‏ردانی وێبلاگی قه‏شمه‏رئاوا ئه‏که‏‏ی ،چاوت به‏و په‏یامه‏ی خواره‏وه ئه‏که‏وێ :

 

مشترک گرامي

دسترسي به اين سايت امکان پذير نمي باشد
 

در صورتي که اين سايت به اشتباه فيلتر شده است با پست الکترونيکي

 filter@dci.ir

با درج نام دامنه مورد نظر در موضوع نامه و ارايه توضيحات لازم

مکاتبه فرماييد

به پێی ئه‏و ئیمه‏‏یله‏ی ئه‏وانه داویانه، ره‏نگه ئه‏گه‏ری لابردنی فیلتێره‏که هه‏بێ ، به‏و مه‏رجه‏ی ئێمه له سه‏ر ئیزنی ناسر و کاروان بابه‏ته‏کانیان لابه‏ین !! یان ئه‏گه‏ر بابه‏ته‏کانیشمان لا نه‏برد ئه‏وا ئه‏و بابه‏تانه‏ی ئه‏و دوو وشه‏ئاماژه پێکراوه‏یان تێدا‏یه به‏م شێوه بنووسینه‏وه :   ...یر و ...وز !!
پاشان ئیمه‏یلێکیان بۆ بنێرین !! من داوا ئه‏که‏م هه‏ر کام له ئێمه ئیمه‏یلێک بنێرین و له‏ودا ئاماژه بکه‏ین ئه‏م وێبلاگه وێبلاگێکی گرووهیه تایبه‏ت به ته‏نز  به‏ زمانی کوردی !!

2 - دوای 10 رۆژ کاتێ وه‏ڵامی ئیمه‏یله‏کامانیان نه‏داوه ، ئه‏وا قه‏شمه‏رئاوایه‏کی نوێ دامه‏زرێنین !!

تێبینی :
1-
من ناتوانم هیچ کام له بابه‏تی براده‏ران و خوشکانی قه‏شمه‏ر بخوێنمه‏وه و ڕاو بۆچوونیان له سه‏ر‏ده‏ڕبڕم ، به داخه‏وه فیلتێر شێکه‏نێشم نیه !! بۆیه زۆر حه‏زم ده‏کرد خه‏ونه‏که‏ی دژهۆنیم خوێندباوه ، که‏چی هه‏ر نه‏متوانی !! به‏ڵام ئه‏توانم له رێگه‏ی بلاگفاوه بچمه ناو وێبلاگه‏که و دوایین کامێنته‏کان بخوێنمه‏وه !! تکایه با جیددی بکه‏وینه شوێن ئه‏م کێشه‏یه !!!
 
2- ئه‏رکی لابردنی ئه‏و بابه‏تانه یا خۆ سانسۆرکردنی ئه‏و وشانه ئه‏که‏وێته ئه‏ستۆی قه‏یخا یا نووسه‏رانی بابه‏ته‏کان !! یان که‏سێک که پاسۆرد و یۆزێری عه‏سڵی پێیه !!تکایه با زوو ده‏ست به کار بین !!

3- ناردنی ئیمه‏یل ئه‏رکی سه‏ر شانی هه‏موو قه‏شمه‏رێکی به شه‏ره‏ف و رزگاریخوازه تا به‏ڵکوو ئه‏م به‏شه له خاکی قه‏شمه‏رئاوا که ئێمه دانیشتووی ئه‏وێین ،رزگاری بێ !!
 
4- ئه‏توانین بۆ ئه‏وه‏ی هێز و وره‏ی خۆمان به نه‏یارانمان نیشان ده‏ین ، که‏مپه‏ینی یه‏ک میللۆن ئیمه‏یل رێ بخه‏ین !!
ئه‏وانه‏ی سێ چوار ئیمه‏یلیان هه‏یه به هه‏ر سێ چوا ئیمه‏یله‏که بینێرن !! ها ؟ کوره خۆ ماڵته پووڵی تێ‏ناچێ !!


یه‏ک میللۆن ئیمه‏یل بۆ پشتیوانی له قه‏شمه‏رئاوا

به هیوای قه‏شمه‏رئاوایه‏کی بێ سانسۆڕ  و بێ فه‏یلتێر !!
 
میرزا
سه‏رۆکی کومیته‏ی دژه فه‏یله‏تێر له قه‏شمه‏رئاوا
1 /2/3
رۆژهه‏ڵاتی قه‏شمه‏رئاوا

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در یکم اردیبهشت 1388 و کاتژمێر 17:26 |
"سروودی قه‏شمه‏رئاوا"

قه‏شمه‏ر ئاوا ئاوا بێ ، شوێنێک بۆ ئاڵ و گۆڕه
پیاو هه‏ر به خۆی ناڵێ پیاو ، ژنیش شۆفیر ماتۆڕه
مافی یه‏کسانیان هه‏یه ، که‏س له که‏س ناکا مۆڕه
ئه‏وه‏ی لێره ده‏نووسێ ، خوێنده‏وار و پسپۆڕه
دنیا یانی تڕه‏هات ، باقییه‏که‏ی قسه‏ی قۆڕه

ئێره قه‏شمه‏رئاوایه ، شوێنی قه‏شمه‏رێکانه
سه‏رێکی له هه‏ولێره ، سه‏رێک له مه‏ریوانه
نه خوای لێیه نه مه‏لا، راست بڵێم کافرستانه
دروشمه‏که‏ی هه‏ڵگری ، ئاخرین ئاڵ و گۆڕه
دنیا یانی تڕه‏هات ، باقییه‏که‏ی قسه‏ی قۆڕه

ئێمه هه‏موو قه‏شمه‏رین ، خاوه‏نی مانیفێستین
نه‏ک به سه‏رۆک حیزبه‏کان ،به‏ڵکوو به خواش ئه‏وه‏ستین
کاتێک ده‏ور هه‏ڵگرین ، به هیچ که س راناوه‏ستین
 هه‏ر که‏س دژی ئێمه بێ ، جێی ناوه‏راستی گۆڕه
دنیا یانی تڕه‏هات ، باقییه‏که‏ی قسه‏ی قۆڕه

گه‏ر ده‏تهه‏وێ قه‏سمه‏ر بی ، ده‏بێ زۆر نێره‏که‏ر بی
وه‏ک مازوو بۆ خۆت خوا بی ، هه‏ر خۆشت پێغه‏مبه‏ر بی
حیزبێک بی هه‏ر خۆت کادر و پێشمه‏رگه و سێکه‏رتر بی
هه‏ر که‏سێ که قه‏شمه‏ر بێ ، خاوه‏نی مانیتۆڕه
دنیا یانی تڕه‏هات ، باقییه‏که‏ی قسه‏ی قۆڕه

تاکه خوای قه‏شمه‏رئاوا ، هه‏ر حه‏زره‏تی مازوویه
کتێبی پیرۆزی مه ، که‏لامی قه‏یته‏رقوویه
ئه‏وه‏ی لێره ده‏نووسرێ ، نه سێحره و نه جادوویه
ژیان به بێ قه‏شمه‏ری ، پڕ له خه‏م و ناسۆڕه
دنیا یانی تڕه‏هات ، باقییه‏که‏ی قسه‏ی قۆڕه

"میرزا و حه‏زره‏تی کامیل"

تێبینی :
1 - بۆ ئه‏وه‏ی قه‏شمه‏رئاوای نوێ ته‏واو له مێژووی پڕ له شانازی و سه‏روه‏ری خۆی دانه‏بڕێ ، به شێکی زۆر له "سروودی قه‏شمه‏رئاوای کۆن" لێره‏دا هاتۆته‏وه . جێی ئاماژه‏یه سروودی نه‏ته‏وه‏یی قه‏شمه‏رئاوای کۆن هۆنراوه‏ی حه‏زره‏تی کامیله.
2- ئه‏م سرووده دیارییه‏کی بچووکه بۆ هه‏موو قه‏سمه‏رانی جیهان به گشتی و قه‏شمه‏رانی قه‏شمه‏رئاوا به تایبه‏تی!!

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در بیست و ششم فروردین 1388 و کاتژمێر 2:37 |
 

"له پێشدا مریشک هه‏بوو ..."

خه‏ڵکی به شه‏ره‏ف و قاره‏مان په‏روه‏ری قه‏شمه‏رئاوا 

له ناو بردنی سته‏می جینسی هه‏میشه ئامانجێک بووه بۆ گه‏ییشتن به قه‏شمه‏رئاوایه‏کی ئازاد به دوور له نابه‏رابه‏ری و نایه‏کسانی ژن و پیاو.
 زاڵ بوونی هزر و بیری پیاوسالارانه له قه‏شمه‏رئاوا به درێژایی مێژوو له ناو فه‏رهه‏نگ و ئه‏ده‏بیات و ئایینی ئه‏م وڵاته ره‏نگدانه‏وه‏ی بووه و عه‏قڵانییه‏تی نێرینه باڵی به سه‏ر هه‏موو پێکهاته کۆمه‏ڵایه‏تی و سیاسی و ئابورییه‏کان داکێشاوه و ده‏ره‏نجامی ئه‏م بیرۆکه‏یه‏ش بۆته هۆی ئه‏وه‏ی مێیینه وه‏کوو جنسێکی خوارتر له پیاو سه‏یر بکرێ.

قه‏شمه‏رئاوایه‏کی ئازاد که له‏و دا ژن و پیاو به دوور له کلیشه جنسییه‏تیه‏کان سه‏یر ئه‏کرێن و مافی یه‏کسانیان هه‏یه ، ئاواتی هه‏موو قه‏شمه‏رێکی به شه‏ره‏ف و رزگاریخوازه .
حه‏زره‏تی کامیل له ناو بابه‏تی له پێشدا هێلکه هه‏بوو یا مریشک ؟ به ئاماژه به به‏ڵگه مێژوویی و سه‏رچاوه ئایینیه‏کان به تایبه‏تی که‏لامی قه‏یته‏ر قوو ، گه‏ییشتووه به‏و ئه‏نجامه‏ی له پێشدا که‏ڵه‏شێر هه‏بووه !!

دیاره ئێمه ئه‏م حه‏ره‏که‏یه وه‏کوو پیلانێکی تری ده‏سه‏ڵاتی نه‏گریسی پیاو سالارانه سه‏یر ئه‏که‏ین و هه‏ر لێره‏وه رایئه‏گه‏یێنین باوه‏ڕی توورێکمان به کتێبی قه‏یته‏رقوو نیه ، چون له سه‏ر ئه‏و باوه‏ڕه‏ین ئایین ، ئایینێکی پیاو سالاره‏و و قه‏یته‏رقووش له له ژێر کاریگه‏ریی فه‏رهه‏نگی پیاوسالا نووسراوه .
ئێمه وه‏کوو کومیته‏ی پشتیوانی له ژنانی قه‏شمه‏رئاوا  به گشتی ئه‏م نووسراوه‏یه‏ی حه‏زره‏تی کامیل مه‏حکووم ئه‏که‏ین و به هه‏موو قه‏شمه‏رانی قه‏شمه‏رئاوا ئه‏ڵێین ئه‌گه‌ر له‌ قه‌شمه‌رئاوا دا ناقه‌شمه‌رییه‌ك پرسیاری لێ كردن له‌ پێشدا هێلكه‌ هه‌بوو یا مریشك هه‌موو قه‌شمه‌ران به‌ یه‌كده‌نگ بڵێن له‌ پێشدا مریشک هه‌بوو، مریشک هێلکه‏ی کرد و هیلکه‏ش که‏ڵه‏بابێکی تێدا بوو.

مریشک ---> هێلکه ---> که‏ڵه‏شێر

میرزا
سه‏رۆکی کومیته‏ی پشتگیری له ژنانی قه‏شمه‏رئاوا
نه‏ورۆزی 2709ی کوردی
رۆژهه‏ڵاتی کوردستان

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در دوم فروردین 1388 و کاتژمێر 23:2 |


هه‏ڵسه‏نگاندنێکی به په‏له له نێوان
قه‏شمه‏رئاوای کۆن و قه‏شمه‏رئاوای تازه
"هه‏نگاوێک به‏ره‏و مانیفێستی دووهه‏می قه‏شمه‏ریسم"

مێژووی پڕ له هه‏وراز و نشێوی قه‏شمه‏رئاوا پڕه له هه‏ڵبه‏زین و دابه‏زین و خه‏بات بۆ سه‏ربه‏خۆیی و یه‏کسانی و ئازادی و راوه‏ستان دژی دیکتاتۆره‏کان.سه‏ره‏تای سازدانی بیرۆکه‏ی قه‏شمه‏رئاوا ئه‏گه‏رێته‏وه بۆ 2000 ساڵ له‏مه‏وبه‏ر له شارێک به ناوی مه‏ریوان که له رۆژهه‏ڵاتی کوردستان هه‏لکه‏وتووه . چه‏ندین براده‏ری مه‏ریوانی به رێبه‏رێتی که‏سێک به ناوی حه‏مه‏ی قه‏یخا ئه‏م بیرۆکه‏یان لا ساز بوو پاشان په‏ره‏یان پێدا. له یه‏که‏م رۆژه‏کانه‏وه قه‏شمه‏رئاوا به کومیته‏یه‏کی ناوه‏ندی پێکهاتو له قه‏یخای کۆن و بناری ورده‏واڵه فرۆش و کورده‏گیان و حه‏زره‏تی کامیل و سکرتێر جه‏م و پاشان به به‏شداری ناسر و حه‏زره‏تی مازوو و قوون به گێچه‏ڵ و واحید و باجی له‏وێر و ئه‏فه‏نی و ره‏شبین خاتوون و خاتوو فشۆ و مامه ره‏شه و زۆر قه‏شمه‏ری تر دامه‏زرا.
یه‏که‏م نووسراوه‏کانی ئه‏م قه‏شمه‏رانه هه‏ڵگری پێناسه‏یه‏ک بوو بۆ قه‏شمه‏ری و قه‏شمه‏رایه‏تی به واتایه‏ک ئه‏وانه قه‏شمه‏رئاوایان له ناوێکی بێ ناوه‏ڕۆکه‏وه کرده ناوێکی خاوه‏ن شوناس و پێناسه ، قه‏شمه‏رئاوا دروشمی تایبه‏ت به خۆی هه‏بوو : دابین کردنی قه‏شمه‏رییه قه‏شمه‏رایه‏تییه‏کانی قه‏شمه‏رئاوا، له چوارچێوه‏ی قه‏شمه‏رئاوایه‏کی قه‏شمه‏راتیک و قه‏شمه‏ری دا ، قه‏شمه‏ر ئاوا خاوه‏نی حیزب بوو ، کتێبی پیرۆزی قه‏یته‏رقوی هه‏بوو ، خاوه‏ن پووڵ بوو ، مێژوویه‏کی قه‏شمه‏ری و تایبه‏تی هه‏بوو ، سروودی نه‏ته‏وه‏یی هه‏بوو، به گشتی قه‏شمه‏رئاوا خاوه‏ن پێناسه‏ی تایبه‏ت به خۆی بوو .

له‏م به‏ینه‏دا چه‏ندین رووداوی گرینگ کاریگه‏ری راسته‏وخۆیان هه‏بووه له سه‏ر باری ده‏روونی قه‏شمه‏رانی جیهان به گشتی و قه‏شمه‏رانی قه‏شمه‏رئاوا به تایبه‏تی و هه‏روه‏ها ره‏وشتی کۆمه‏ڵایه‏تی و سیاسی قه‏شمه‏رئاوا.
قه‏یرانی سیاسی کوردستانی ژێرده‏ستی ئێران و بگیر بگیری ئه‏حمه‏دی نه‏ژادی و ده‏رچوونی حوکمی ئێعدام بو هاورێیانمان له لایه‏ک و له لایه‏کی تره‏وه له‏ت و کوت بوونی هه‏ر رۆژه‏ی حیزبه شۆرشگێره‏کانمان بووه سه‏ره‏تایه‏ک بۆ گه‏ییشتن به‏و قه‏ناعه‏ته‏ی : هیچ گوویه‏کمان پێ‏ناخورێ و ئه‏مه خۆی له خۆیا سه‏ره‏تایه‏کی تر بوو بۆ سه‏رد بوونه‏وه و کشانه‏وه‏ی تاکی قه‏شمه‏ر بۆ ده‏ست‏کێشانه‏وه له خه‏بات بۆ رزگاری و نووسینی قۆریات و فشقیات .
دیاره دووله‏ت بوونی قه‏شمه‏رئاواش ئه‏بێ هه‏ر له درێژه‏ی ئه‏م رووداوانه‏دا هه‏لسه‏نگێندرێ، هه‏رچه‏نده ئه‏م دووله‏ت بوونه خۆی له خۆیا کارێکی قه‏شمه‏ری بوو و به حوکمی کوردبوونی قه‏شمه‏رانی جیهان ئه‏م دوو له‏ت بوونه زه‏رووره‏تێکی مێژوویی بوو که ته‏نانه‏ت ئه‏گه‏ر خوا و پێغه‏مبه‏ر و ریش سپی و ته‏ره‏ماشیش هاتبانه تکا ئه‏بوو هه‏ر رووی دابا له به‏ر ئه‏وه‏ی کورد بوون به‏شێک بوو له قه‏شمه‏ر بوون!!
 ئه‏م دوو له‏ت بوونه شکستێکی گه‏وره  بوو و قه‏شمه‏رئاوا تا ئێستاش نه‏یتوانیوه بگه‏ڕێته‏وه بۆ سه‏رده‏می ته‏ڵایی خۆی . دیاره ئه‏م تایبه‏تمه‏ندییانه‏ی  قه‏شمه‏رئاوای کۆن هه‏یبوو ، قه‏شمه‏رئاوای تازه خاوه‏نی هیچ‏کامیان نیه ، به واتایه‏ک قه‏شمه‏رئاوای تازه ته‏واو له مێژووی پڕ له شانازی و سه‏روه‏ری خۆی دابڕا و له ئاواییه‏کی کۆنی چه‏ند‏هه‏زارساڵه‏وه  بووه  چه‏ند ماڵی سیمانی به مێعمارییه‏کی مۆدێرن که دراوسێکانی ته‏نانه‏ت یه‏کتر ناناسن! قه‏شمه‏رئاوای تازه ته‏نیا ناوی قه‏شمه‏رئاوا به دوای خۆیا ده‏کێشێ و خاوه‏ن پێناسه‏یه‏کی قه‏شمه‏ری وه‏ک قه‏شمه‏رئاوای کۆن نیه .
قه‏شمه‏رئاوای کۆن له دێهاتێکی دووره‏ده‏ست ئه‏چوو که تازه ئه‏ووه‏ڵی به‏یانیه و خه‏ڵک مه‏ڕ و ماڵات دێننه ده‏رێ و هه‏موو یه‏کتر ئه‏ناسن و شه‏وانه‏ش به ده‏وری یه‏که‏وه کۆ ئه‏بنه‏وه و نه‏قڵ و نه‏زیره و قسه‏ی خۆش بۆ یه‏کتر ئه‏گێرنه‏وه . ئێستا رێگه چاره چیه ؟
به باوه‏ڕی من گه‏ڕانه‏وه بۆ باوه‏شی قه‏شمه‏ریسمه .

قه‏شمه‏ریسم و‏ه‏کوو مه‏کته‏بێکی فیکری و سیاسی له میانه‏ی حه‏فتاکاندا له ناو قه‏شمه‏رئاوایه‏کی سه‏ربه‏خۆی سه‏ر به کوردستانێکی ژێرده‏ست سه‏ری هه‏ڵدا. قه‏شمه‏ریسم به گشتی تێکه‏ڵاوێک بوو له ئانارشیسم و لۆمپه‏نیسم و ته‏ڕه‏ماشیسم به‏و جیاوازییه‏ی مه‏کتێبێک بوو که مۆرکی کوردی پێوه‏بوو و له راستیدا ته‏نیا مه‏کته‏بێکی فیکری سیاسی بوو که له کوردستان سه‏ری هه‏ڵدا  . قه‏شمه‏ریسم رووحی یاخی و سه‏رکه‏شی کۆمه‏ڵگا بوو ، رووحێک که وه‏ڕه‏ز بوو له داب و نه‏ریته قۆڕه‏کان ، له حیزبایه‏تی و حیزایه‏تی. دابڕان بوو له شته‏موقه‏دده‏سه‏کان ، له شته پیرۆزه‏کان ، له ئه‏خلاقیاتی زاڵ به سه‏رکۆمه‏ڵگا، قه‏شمه‏ریسم به واتایه‏ک شۆڕشێک بوو بۆ سازکردنی دنیایه‏کی نوێ!!
قه‏شمه‏رئاوای تازه مانیفێستێکی تازه‏ی گه‏ره‏که ، هه‏نگاوێک به‏ره‏و داهاتوو ...

قه‏شمه‏رانی جیهان یه‏ک بگرن

تێبینی :
1 - دیاره له‏م به‏ینه‏دا هه‏وڵه بێ‏وچانه‏کانی ناسر نابێ له یاد بچێ و ئه‏و که‏متر کاریگه‏ریی ئه‏و رووداوانه‏ی له سه‏ر بووه له قه‏شمه‏رئاوا دا ، هه‏ر‏چه‏ند له وێبلاگه‏که‏ی خۆی دا وه‏رچه‏رخانێکی قۆڕی ده‏ست پێکرد و له نووسینی شتی قۆڕه‏وه رووی هێنا بۆ بابه‏ت گه‏لێک له ژێر ناوی هێورییه‌ حه‌كه‌داره‌كانی تووڕه‌ییم که وا بزانم بۆ براژنی ئه‏نووسی ، وای ئه‏زانی براژن هێنده بێکاره داده‏نیشێ نووسراوه‏کانی ئه‏و ده‏خوێنێته‏وه ، بڕۆ بێ‏سه‏واد ، ئه‏وه ده‏ڵێی چی ، براژن خه‏ریکی پایان نامه‏یه ، بێ سه‏واد !!

2 - ئه‏و بابه‏ته له ئه‏و په‏ڕی قه‏شمه‏ریدا نووسراوه و هه‏رکه‏س پێی وایه بابه‏تێکی جیددیه به شه‏ره‏فم قه‏شمه‏ر نیه !

3 - من ئێستا زۆر ماندووم و دیاره ناتوانم له‏وه زیاتر بنووسم ، ئه‏گینا ئه‏م باسه باسێکی دوور و درێژتر و قورستر هه‏ڵئه‏گرێ ، بۆیه داوا ئه‏که‏م ئێوه‏ش درێژه‏ی ده‏ن ، ئه‏گه‏ریش درێژه‏ی نه‏ده‏ن خۆم درێژه‏ی ئه‏ده‏م ، پێشنیاره‏کانتان بنووسن بۆ ئه‏وه‏ی مێژووی پڕ له شانازی و سه‏روه‏ری جارێکی تر زیندوو بێته‏وه.

 

+ قه‌شمه‌راندوویه‌میـرزا در سیزدهم اسفند 1387 و کاتژمێر 17:33 |